تەحسین بەکان پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری کە لە پارتە نەیارەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغانە، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لە نێو گەنجان و مێرمنداڵانی تورکیا هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکەی ئەم دواییە کە منداڵێک خۆیی خستە ژێر شەمەندەفەرەوە لە ئیستەنبووڵ، یەکێک لە هێماکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لە نێو گەنجان و مێرمنداڵانە.
زانیارییەکانی دەستەی ئاماری تورکیاش پیشان دەدات کە لە ساڵانی ڕابردوو 1673 منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر 15 ساڵ لە تورکیا خۆکوژییان کردووە.
ئامارە فەرمییەکان پیشان دەدەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێدان، ڕێژەی خۆکوژی لە تورکیا لە سەدا 53 بەرزبوونەوەی هەبووە و لە 2705 حاڵەت لە ساڵی 2003 گەیشتووەتە 4166 حاڵەت لە ساڵی 2022 و بە گشتی لە ساڵی 2003 تا 2022 لە تورکیا 63 هەزار و 244 کەس پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە.
تەحسین بەکان ڕایگەیاندووە کە خۆکوژی منداڵان و مێرمنداڵان بووەتە نیگەرانییەکی گەورە بۆ تورکیا و بەشێکی زۆری ئەمەش بۆ خەراپتربوونی دۆخی ئابوری دەگەڕێتەوە.