ڕوانگە - هەرچەندە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە: تێچووی سەرژمێری گشتی 459 ملیار دینارە، شارەزایەکی ئابووریی تێچووەکەی بە دوو هێندە و زیاتر دەخەمڵێنێت.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی ئاشکرای کرد: تێچووی دارایی و ئابوریی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە 951 ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەکردوە: تەرخانکراوی دارایی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لەلایەن حکومەتەوە 459 ملیار دینارە، بەڵام راگرتنی دەوامی فەرمی دەوڵەت و دوو رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ تێچووەکەی 492 ملیار دینارە، بەوەش کۆی تێچووی سەرژمێری گشتی گەیشتوەتە 951 ملیار دینار.
ئەو شارەزا ئابورییە زیاتر رونکردنەوەی داوە: تێچووی ئابوریی بەهۆی راوەستانی چالاکی ئابوری گشتی و تایبەت زیانی زۆریان پێگەیشتووە، بەتایبەتی تاکەکان ئەوانەی زۆر هەژارن و ژیانیان لەسەر کاری رۆژانەیە و هیچ پاشەکەوت و پارەیەکی یەدگیان نییە بۆ رۆژانی پشوو و قەدەغەی هاتووچۆ.
مەرسومی پێیوایە؛ دەکرا سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام بدرایە بەبێ قەدەغەی هاتووچۆ، تەنانەت ئەگەر ماوەی پێویست بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی و تۆماری خێزان و باڵەخانەکان چەند هەفتەیەکیشی پێویست بوایە، ئەوەش بۆ رەچاوکردنی بارووگوزەرانی کەسانی کەمدەرامەت و کارمەندانی کەرتی تایبەت.
پێشتر لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بڵاوی کردەوە: لەسەر ئاستی عێراق و لە هەر 19 پارێزگاكە 120 هەزار بژمێر بەشداری لە پرۆسەكەدا دەكەن و بودجەی تەرخانكراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرژمێری 459 ملیار دینارە.