ڕوانگە - ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی دووشەممە نامەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و ئۆپەراسیۆنی تورکیای بە "چاوەڕوانکراوە" ناوبردووە و داوایکردووە: "گوشار لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات هێز نەنێرێتە سەر سنووری باکووری سووریا."
ئیلهام ئەحمەد لە نامەکەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی، "ئامانجی تورکیا دروستکردنی ناوچەیەکی دیفاکتۆیە لەسەر خاکی ئێمە، پێش ئەوەی تۆ (دۆناڵد ترەمپ) وەکو سەرۆک دەستبەکاربیت.''
ئیلهام ئەحمەد گوتوویەتی: "تورکیا دەیەوێت گوشار لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکات، وەکو دەسەڵاتداری سەر خاکی ئێمە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.'' هۆشداریش دەدات ئەگەر تورکیا ئەو هێرشە دەستپێبکات "لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت.''
بەگوێرەی ئیلهام ئەحمەد، "بەدرێژایی سنوور دەبینین تورکیا هێزەکانی کۆکردووەتەوە، خەڵکی سڤیلی ئێمە لەژێر ترس و دڵەڕاوکێ و وێرانکاری و مردندان."
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو نامەیەی کە بۆ ترەمپی ناردووە، نووسیویەتی: "هەر هێرشێکی تورکیا رەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی 200 هەزار کەس تەنیا لە کۆبانێ."
هەر لەو نامەیەدا هاتووە: "باوەڕمان پێتە کە لە وەرگرتنی دەسەڵات وەکو سەرۆکی ئەمریکا رێگری لەو کارەساتە بکەی، چونکە ئەردۆغان گوێ لە تۆ دەگرێت، متمانەمان هەیە کە جارێکی دیکە بەدەم داواکاری تۆوە بێت.''
ئیلهام ئەحمەد بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای گوتووە: "سەرکردایەتیی یەکلاکەرەوەی ئێوە دەتوانێت رێگری لەو داگیرکارییە بکات، پارێزگاریش لە شکۆ و سەلامەتی ئەوانە بکات کە وەکو هاوپەیمانی نەگۆڕی ئەمریکا ماونەتەوە لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکان."