ڕوانگە - بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە هەرڕووداوێکی نەخوازرا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری تەواو دەکات، بۆ  ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:"داوا لە هەموولایەک دەکەین، بۆ سەلامەتی هەمو لایەک ڕەچاوی ڕێنماییەكان بكەن و یاری ئاگرین لە نزیك شوێنی داخراو و لە ژێر تەلەکانی کارەبا و لە نزیک تانکی نەوت و بەنزینخانەکان بەكارمەهێنن، هەروەها داوا دەکات هاوڵاتیان، لەهەر بارودۆخێکی نەخوازراو دەتوانن بەزوترین کات پەیوەندی بە ژمارە (115) بکەن تاوەکو تیمەکانمان بگەنە شوێنی مەبەست".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ سەلامەتی هەمو لایەک لە ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ و لەکاتی بەکارهێنانی یاریی ئاگرین، تکایە ڕەچاوی ڕێنماییەكان بكەن بۆ ئەوەی شەوێکی ئارام و دور لەکارەسات بەسەربەرن.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو:"نابێت بەهیچ شێوەیەک منداڵان یاریی ئاگرین بەکاربهێنن، هەروها لەناو ئۆتۆمۆبیل و لەکاتی شۆفێری كردن بەکارهێنانی یاری ئاگرین مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لە نزیک باڵەخانە و دار و هەر ماددەیەکی خێرا گڕگڕتو بەکاربهێنرێت چونکە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، هەروەها ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردوە، تکایە دڵنیابن لە بونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی، بە پێچەوانەوە کارەسات ڕودەدات هاوشێوەی هۆڵەکەی پارێزگای موسڵ."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "باشترە بە هەمو شێوەیەک دوربکەونەوە لە کڕینی یارییە ئاگرینەکان، ئێمە مەبەستمان سەلامەتیی تۆی بەڕێزە، لەهەر بارودۆخێکی نەخوازراو تکایە بەزوترین کات پەیوەندی بە ژمارە (115) بکەن تاوەکو تیمەکانمان بگەنە شوێنی مەبەست".