ڕوانگە - له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایگەیاند، لەژێر دروشمی (ڕۆژی وەفاو پشتیوانیی) سبه‌ینێ دوشه‌ممه‌ ٢٠٢٥/٢/٣ گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ له‌شارى سلێمانى ئه‌نجامده‌ده‌ن.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ داوا لەسەرجەم مامۆستایان‌و فەرمانبەران‌و چین‌و توێژە جیاوازەکان‌و هاوڵاتیانی ویژدان زیندوو و بەهەڵوێستی سەرجەم شارو  شارۆچکەکان ده‌كات، سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحمود (لەشەقامی بازنەی مەلیک مەحمود) ئامادەبن.

له‌كۆتاییشدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئامادەبونتان پشتیوانی‌و وزەو هێزو نیشاندانی وەفای ڕاستەقینەیە بۆ مانگرتوانی هاوپیشەمان".

ئەم خۆپیشاندانی مامۆستایان له‌كاتێكدایه‌، ماوەی زیاتر لە دە ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبیانووی قەیرانی دارایی و هەروەها هەبونی کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا نەیتوانیوە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و لەئێستاشدا  ماوه‌ى شه‌ش ڕۆژه‌ 12 مامۆستاو فه‌رمانبه‌ر وه‌كو نیشاندانى ناڕه‌زایی له‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى موچه‌و خراپى بژێوى ژیانیان، مانیان له‌خواردن گرتوه‌.