ڕوانگە- بێباکی دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وایکردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توڕەیە و نیگەرانیەکان ڕولەهەڵکشان بکات و هەرئەمەش وایکردووە، 

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی ناڕازی بڕیاربدەن کە خۆپیشاندانەکانیان بگوازنەوە بۆ هەولێر.

لە بەیانننامەیەکدا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە "بۆ پشتیوانی لەهاوڕێ مانگرتووەکانیان رۆژی یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، بەرەو هەولێر بەڕێدەکەون".

هەرلەوبەیاننامەیەدا، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕونیانکردۆتەوە، ماوەی 10 ساڵە، بەهۆی ئەو هەموو ستەم و برسیکردن و بێباکییەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بەرامبەر سەرجەم مووچەخۆران و چین و توێژەکان پەیڕەوی دەکات پەنایان بردووەتە بەر بایکۆتی ناچاری دەوام و بە گەرما و سەرما و بەفر و باران هاتونەتەسەر شەقام بۆ داواکردنی ماف و شایستەکانیان، و دوایین هەوڵیشیان لە سلێمانییە کە 13 هاوڕێیان بۆ جێبەجیکردنی داواکارییەکانایان و ماف و شایستەکانیان مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە.

ئاماژەی بەوەشدەکەن، بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتووەکانیان رۆژی یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، بەرەو هەولێر بەڕێبکەون، تا دەسەڵات لەنزیکەوە دەنگ و ناڕەزایەتییەکانیان ببیستێت.