ڕوانگە- ئومێد خۆشناو پارێزگارى ههولێر لەبارەی گواستنەوەی سەکۆی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە لەسلێمانیەوە بۆ هەولێر ڕایگەیاند، هیچ کەسێک داوای وەرگرتنی مۆڵەتی نەکردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام دەبێت ئەم ناڕەزایەتیان لەو جێگەبێت کە زوڵمیان لێدەکرێت کە ئەویش بەغدا و حکومەتی عێراقە.
وتیشی، بەداخەوە خەریکە خۆمان دەخەینە ناو هەندێک کێشەوە و ئەوەتا بەشێک لەوکەسانەی کە دەیانەوێت بێنە هەولێر بەناوی مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازییەوە خەڵکانی عەرەبن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاشکرایشیکرد، ئەمڕۆ ئێمە لە هەولێر پێشوازی لەوانە ناکەین، هەرچەندە هەولێر شارێکی میوان دۆستە و باوەش بۆ هەموو ئەوکەسانە دەکاتەوە کە سەردانیان دەکات، بەڵام ئەمڕۆ هەولێر تاقەتی وەرگرتنی ئەو میوانە ڕەزا قورسانەی نییە.