ڕوانگە- دوای دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شارۆچکەی فەلوجەى سەربە پارێزگای ئەنبار لە ئێستادا دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، تیمەکانیان پشکنینی هونەرییان بۆ ئەوگۆڕە بەکۆمەڵە کردووە.
زڕغام کامیل، سەرۆکی تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە راگەیەندراوی دەستەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، پشکنینی هونەری بۆ گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکە کراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و لە رێگەی تۆمەتبار "سەعدوون سەبری ئەلقەیسی" دۆزراوەتەوە.
وتیشی، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا روفاتی ژن و پیاوی تێدایە و بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، لە هەر قۆناغێکدا 20 بۆ 25 کەس کۆمەڵکوژ کراون و دواتر خراونەتە گۆڕی بەکۆمەڵەوە.
سەرۆکی تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەوەشیخستۆتەڕوو، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی دۆزراوەتەوە لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندایە لە دەزگای شەهیدانی عێراق و دەکرێتە ناو لیستی پلانی ساڵانەیان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دیاریکردنی ناسنامەی قوربانیان.