ڕوانگە - ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" كە باڵی سەربازی پەكەكەیە رایگەیاند، ناوچەكانی "پاراستنی مەدیا" لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بە چەكی جۆراوجۆ و قەدەغەكراو و فرۆكەی جەنگیی بۆردومانكراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە، لەنێوان ڕۆژانی 12 تا 17 ی شوباتی 2025 فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بۆردومانی ناوچەكانی "پاراستنی مەدیا" یان كردووە. لەبەرامبەردا گەریلاكانی پەكەكە سەربازانی توركیا و بنكەكانیان كردووەتە ئامانج.
ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە بەمشێوەیە باسی لە بۆردومانی توركیا و پێكدادان و هێرشی گەریلا بۆسەر سەربازانی توركیا لەناوچەكانی پاراستنی مەدیا" كردووە، كە مەبەست لێی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكەیە لە قەندیل و ناوچە سنوریەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و سوریا( باكور و ڕۆژئاوای كوردستان)
"لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ"
12ی شوبات لە كاتژمێر 11:05دا "لە گۆرەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی، بە تەكنیكی نیشانەشكێنی كامێرای چاودێری وزەوەرگر و ئامێرێكی دەنگ وەرگری داگیركەران تێكشكێندرا".
12ی شوبات لە كاتژمێر 13:40 و 13:55دا "لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی بە چەكی قورس سێ جار گورز لە داگیركەران وەشێندرا و لە ئەنجامدا كامێرایەكی چاودێری، دۆشكەیەكی 57 ئینج و هەستەوەرێكی دەنگگر تێكشكیێندرا".
"لە هەرێمی خواكوڕك"
15ی شوبات لە كاتژمێر 11:05دا "لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا بە چەكی قورس گورز لە داگیركەران وەشێندرا".
16ی شوبات "لە كاتژمێر 09:20 دا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا بە تەكنیكی نیشانەشكێنی هێزەكانی یەژا ستارمان كامێرایەكی چاودێری داگیركەران تێكشكێندرا".
"هێرشەكانی توركیا بە تەقەمەنی قەدەغەكراو"
12ی شوبات "لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ تونێلەكانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی سێ جار بە تەقەمەنی قەدەغەكراو بۆردومان كران".
15ی شوبات "لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەكانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی بە تەقەمەنی قەدەغەكراو بۆردومان كرا".
"هێرشەكانی سوپای توركیا"
لە نێوان 12 تا 17ی شوبات لە هەرێمی خواكوڕك گۆڕەپانەكانی بەرخۆدانی شەهید شەریف، كەندەكۆلا، سنین، گۆشین 12 جار، لە هەرێمی قەندین گۆڕەپانەكانی بێپالا، كۆتۆمان، شاخی23، بۆكریسكان، قەلاتێ، شاخی شەهید عەگید شەش جار، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەكانی كانی ساركێ، یەكمالێ، دێڕەشە، بلندبازێ، شاخی كون، شێخی ڕەشید، چەمیڕۆبۆتكی، خێرێ 14 جار، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەكانی بەرخۆدانی بێشیلی، سەری مەتینا، شێلازێ هەشت جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەكانی بەرخۆدانی شاخی جودی، شاخی ئامێدی، شاخی بەهار 11 جار؛ بە گشتی 51 جار بە فڕۆكەی جەنگی بۆردوومان كران."
هێرشەكان هاوكاتن لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەیەك بۆ چارەسەری پرسی كورد
هێرشەكان لەكاتێكدایە، لە تشرینی یەكەمی 2024 ەوە پرۆسەیەك لە توركیا دەستیپێكردووەو شاندی دەم پارتی ئیمراڵی سێجار چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كەوتووە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركیا كۆبوونەتەوە و ئێستاش لە هەرێمی كوردستانن و چاویان بە هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەوتووە، بڕیاریشە چاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەوێت.
لە ڕۆژئاوای كوردستانیش توركیا هێرش ئەنجام دەدات
جگە لە بۆردومانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و باكوری كوردستان بەپاساوی بوونی پێگەكانی پەكەكە، توركیا بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان و لەڕێگەی فرۆكە و درۆنەوە پشتیوانی گروپە چەكدارەكانی سوریا دەكات كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو و لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد دەستیان بە هێرش بۆسەر ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كردووە.