ڕوانگە - کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" کۆتا شەپۆلی بەھێز و یەکەم شەپۆلی سەرما و سۆڵەی بەھێزی زستانی ئەمساڵیش لە سبەینێوە دەستپێدەکات".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەینێ شەممە شەپۆلەکەی جەمسەری باکور روودەکاتە ناوچەکانمان و ھەوایەکی زۆر ساردی لەگەڵ دەبێت، بەھۆیەوە پلەکانی گەرما ٣ تا ٥ پلەی دیکە نزمدەبنەوە، بەڵام شەپۆلی بەفر بارینەکە زیاتر لاوازبووە بە جۆرێ لە ناوچە شاخاویەکانیش ئەو بەفرەی زۆرەی چاوەروان دەکرا کەمبووەتەوە بۆ ٢ تا ١٥ سەنتیمەتر، وە بۆ سەنتەری پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان تەنھا کاریگەری شەپۆلی سەرماکە دەیگرێتەوە لەگەڵ ئەگەری لاوازی نمە باران لە ھەندێک کاتدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران و راپەرین لە ماوەی سبەی و دوو سبەی ئەگەری بارینی بەفر دەبێت بە بڕی ٢ تا ٦ سەنتیمەتر و ئەگەری زیادبوون و کەمبوونی رێژەکە ھەیە، لە سەنتەری پارێزگای ھەڵەبجە و دەوروبەری ئەگەری بارانی مامناوەند و پچر پچر دەبێت.
ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی ئێوارەی یەکشەممە کاریگەری شەپۆلەکە لە سەرجەم ناوچەکان کۆتای پێدێت، بەڵام بەھۆی مانەوەی بارستە ھەوا ساردەکە بەشێوەی وشکە سەرما پلەکانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە، بە تایبەت لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ و ٢٦ی مانگ لە ناوچە شاخاوییەکان بەگشتی لە کاتەکانی رۆژشیدا پلەی گەرمی لە ژێر سفرەوە دەبێت و لە شەوانیشدا ٨ تا ١٣ پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە بەردەوام پلەی گەرمی لە ئاستی بەستن و بەستەڵەکدا دەبێت.
ئەو کەشناسە کوردە پێشبینیش دەکات، لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی ھەڵەبجە و و ھەولێر و دھۆک و سۆران و راپەرین لە شەوان و کاتەکانی بەرەبەیاندا پلەی گەرمی ٣ تا ٦ پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە و لە کاتەکانی رۆژدا بەرزدەبێتەوە بۆ ٤ تا ٦ پلەی سەدی، لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان و تا ناوچەکانی ناوەراست و رۆژئاوای عێراق پلەی گەرمی لە شەواندا بۆ سفر تا ٢ پلە ژێر سفر نزمدەبنەوە.
لە کۆتاییدا ئاراس جەبار باسی لەوەکردووە، لە رۆژی پێنجشەممەوە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ کاریگەری ئەو شەپۆلە سەرمایە وردە وردە لەسەر ناوچەکان دووردەکەوێتەوە و لە سەرەتای مانگی ئایندە کۆتای بە کاریگەرییەکانیدێت و پلەکانی گەرما بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێتەوە وە تا ماوەیەکی نادیار و زۆر پێشبینی ھاتنی شەپۆلی بارانبارین بۆ ناوچەکان ناکرێت.