ڕوانگە - هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر ڕایگەیاند "ئەوەی لە سوریا ڕوویدا پرۆژەیەكی ئەمەریكی و زایۆنییەكان بوو، كە توركەكان تێیدا لایەنێكی لاواز بوون".
لەسەرەتای مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو، ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد پاش 24 ساڵ لە حوكمڕانی سوریا كۆتایی هات، پاش ئەوەی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن بە سەركردایەتی دەستەی تەحریر شام لەحەلەبەوە دەستیان بە هێرشكردنەسەر سوپای سوریا كرد، سەرئەنجام لە 8-12-2024 گەیشتنە دیمەشق و بەشار ئەسەد بەرەو ڕوسیا هەڵات.
یەكێك لەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانكارییەكانی سوریاوە كەوتەخۆی و ترسی هەیە گۆڕانكارییەكان زیان بە سەقامگیری و ئاسایشەكە بگەیەنێت عێراقە، چەند ڕۆژێك پێش ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد چەند گروپێكی چەكداری شیعە و سوپای عێراق چوونە سنورەكانی سوریا تا ڕێگربن لە پەڕینەوەی چەكداران بۆ عێراق.
سەركردە شیعەكانی عێراق كە بەشێكی زۆریان هاوپەیمانی ئێرانن و كەوتنی ڕژێمەكەی ئەسەد زیانێكی گەورەی پێگەیاندوون، ترسی خۆیان لە ڕووداوەكانی سوریا ناشارنەوە.
هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدری عێراقی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند:"ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات پرۆژەیەكی ئەمەریكی – زایۆنیە و توركەكان بەشێكی لاوازن تێیدا".
هادی عامری وتیشی:"ئەو 10 هەزار تیرۆریستەی لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان لە سوریا و زۆربەیان لە كامپی هۆلن هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆسەر عێراق".
ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر دەشڵێت "پێویستە حەشدی شەعبی لە ئەنجومەنی نوێنەران خاوەن كوتلەیەكی بەهێز بێت".