ڕوانگە- لە ڕاگەیەندراوێکدا کەوێنەیەکی دەست پەیامنێری ڕوانگە کەوتووە هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ماتۆڕەکانی کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن لە هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن؛ مەرجی سەلامەتییان تێدا بێت؛ بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکان سزا دەدرێن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025 رایگەیاند، "هەر ماتۆڕێک مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێت، نابێت کۆمپانیا دەرفەتی کاری پێبدات. بەپێچەوانەوە، کۆمپانیا بەرپرسیارێتیی سەرپێچی و سزا داراییەکانی ماتۆڕی نەناسراو و تۆمارنەکراو هەڵدەگرێت."

هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی شێوازی تۆمارکردنی سەرپێچی ماتۆڕەکان ڕونیکردەوە، "ئەو ماتۆڕسوارانەی لە رابردوودا لە کۆمپانیاکان کاریان کردووە، سەرپێچیی هاتووچۆیان کردووە و سزایان هاتووەتە سەر، بە ناسینەوەی لۆگۆی تایبەتی کۆمپانیا بەرپرسیاری کەمتەرخەمی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکان."

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی شێوازی وەرگرتنی پارەی سەرپێچی لەو کۆمپانیایانەی سزادراون، دەڵێت، "رەزامەندین بڕی پارەی سزای سەرپێچییەکان بدرێت بەداشکانەوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش ئەم دەرفەتە بەردەوام دەبێت. هاوکات دەتوانن بە پشک (قسط) پارەی سزاکان بدەن، بەڵام دوای ئەو مێژووە کۆمپانیا رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و راگرتنی کارەکان دەکرێتەوە."

بۆ رەچاوکردنی دۆخی دەروونیی هاونیشتمانیان و پاراستنی ژینگە هاتووچۆ داوا دەکات، "پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ گەیاندنی خواردن بۆ گەڕەکەکانی نێو شار ماتۆڕی کارەبایی و بێدەنگ بەکاربهێنرێت؛ گشت ماتۆڕەکان بێزارکەر نەبن، هەروەها پێویستە کڵاو لەسەر بکەن و جلوبەرگی تایبەت بپۆشن. هەر کۆمپانیایەک پێویستە جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەبێت؛ تەنیا ماتۆڕسوارەکان دەستیان بگاتە ئەو جلوبەرگە؛ باجی تایبەتیان لە یەخە بدرێت کە ناوی سیانی و کۆدی کۆمپانیای لەسەر بێت."