ڕوانگە- دوێنێ یەکشەممە ٢٠٢٥/٢/٢٣ لەمیانەی بەشداریکردنی لە حەوتەمین دیالۆگی نێودەوڵەتیی بەغدا بە ناونیشانی "پەیوەندی لە پێناوی گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی" بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: " ئەمریکا بە پشتیوانیکردنی تاکلایەنەی رژێمی ئیسرائیل خۆی ئازار دەدات.
وتیشی، لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکەم جا لەلایەن رژێمی نەتەنیاهووەوە بێت یان حەماس. بەم رەفتار و کردەوانەی، ئەمریکا نەوەیەکی نوێی موسڵمانان دەهێنێتە ئاراوە کە بەهەموو شێوەیەک ئەمریکا رەتدەکەنەوە و لە دژی دەوەستنەوە.
بافڵ تاڵەبانی ڕونیشیکردەوە، موسڵمانان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە گیانی منداڵێکی موسڵمان هیچ بەهایەکی نییە، بەڵام گیانی منداڵێکی ئیسرائیلی بەهای زۆرە. لە غەززە قەیرانێکی زۆر گەورە روویداوە و پێویستە هەمووان کار بۆ ئەوە بکەن کۆتایی بەم کارەساتە مرۆییە بهێندرێت کە رووبەڕووی غەززە بووەتەوە.