ڕوانگە- بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ژمارەیەک هۆشداری بە ئیدارەی نوێی سوریا لە سوریا بڵاوکردەوە.
نەتانیاهۆ لە وتارێکدا کە بۆ وەجبەیەکی نوێی ئەفسەران لە شاری هۆلۆن لە باشووری تەلئەبیب پێشکەشی کرد، داوای کرد باشووری سوریا "بەتەواوی لە چەکداماڵین" بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە تەلئەبیب ڕێگە نادات هێزەکانی ئیدارەی نوێ لە باشووری دیمەشقی پایتەخت جێگیر بکرێن.
وتیشی: ڕێگە نادەین هێزەکانی حەیعەت تەحریر شام یان سوپای نوێی سوریا بچنە ناو ناوچەی باشووری دیمەشقەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، داوای داماڵینی چەک بە تەواوی لە باشووری سوریا دەکەین، لە پارێزگاکانی قونەیترە و دارا و سویدە.
ناتانیاهۆ ڕڕونیشیکردەوە، تەحەمول بە هیچ هەڕەشەیەک ناکەین بۆ سەر کۆمەڵگەی دروزەکان لە باشووری سوریا.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە هێمنی ناوچەیەکی ئەمنی لە ناو خاکی سوریادا دامەزراندووە و لە ئێستادا هیچ وادەیەکی کۆتایی نییە بۆ بەردەوامبوونی مانەوەی ئەو ناوچەیە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی لابراوی سوریا لە 8ی کانونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە سوریا چڕتر کردەوە، لەوێش ناوچەی پارێزراوی داگیرکرد و کۆنتڕۆڵی لوتکەی چیای هرمونی تەواو کرد، ئەمە جگە لەوەی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە قونەیترە و لادێکانی دیمەشق فراوانتر کرد،هەروەها هێرشی ئاسمانی چڕ و پڕی کردووە و کۆگاکانی چەکی کردۆتە ئامانج، لە ترسی ئەوەی بکەوێتە دەستی گروپە چەکدارەکان، بانگەشەی ئەوە دەکات.
ئەحمەد ئەلشەراع، سەرۆکی سوریا پێشتر ئیدانەی لەشکرکێشی ئیسرائیلی کردبوو و جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە "رێگە بە هیچ ململانێیەکی نوێ نادات"
ناوبراو وتیشی: ئیسرائیلییەکان بە ڕوونی هێڵەکانی شەڕیان لەگەڵ سوریا بەزاندووە، ئەمەش هەڕەشەی هەڵکشانی ناڕەوا لە ناوچەکەدا دەکات.
سوریا داوا دەکات ئیسرائیل هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە و داوای کشانەوەی هێزەکانی کردووە.