ڕوانگە- سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری داوە به‌سه‌رۆك كۆمارى لوبنان و پێی ڕاگەیاندوە، حزبوڵڵا بەشێکە لەئاسایشی نیشتیمانیی لوبنان.

 محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پشتیوانیی ئێرانی بۆ لوبنان دوپاتکردوه‌ته‌وه‌و ڕایگەیاندووە ئێمە لەئێران پشتیوانی‌و پشتگیریی خۆمان بۆ ئەو کۆدەنگییە ڕادەگەیەنین کە لەلوبنان هەیە.

وتیشی، ئێمە حزبوڵڵا بەبەشێک لەئاسایشی نیشتمانیی لوبنان دەزانین‌و هه‌رواشه‌".

سەبارەت بەڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران لەلایەن لوبنانەوە، ڕونیکردەوە:"بڕیاری حکومەتی لوبنان بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران‌و بەیروت لەژێر کاریگەریی ئەمریکادایەو ئەم پرسە دەبێت چارەسه‌ر بکرێت، واشنتۆن پلانی بۆ ئێمە، بۆ سوریاو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەو ئیسرائیلیش تاوانەکانی ڕانەگرتوەو هێشتا بەردەوامە لەبۆردومانکردنی سوریا".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئه‌وه‌شى ڕاگەیاندوه‌، ئەمریکاو ئیسرائیل کار بۆ بڵاوکردنەوەی دۆخی ناسەقامگیریی‌و هاوکاریی گروپی توندڕەو لەسوریاو لوبنان دەکەن، مقاوەمە بۆ ئاسایشی لوبنانەو ئەم ڕێکخراوەش سەلماندی کە کار بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش لەشەڕی دژی داعش‌و ئیسرائیل سەلمێنراوە.