ڕوانگە_وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی ئێران بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەی بەسەر هەریەک لە بەرهەمەکانی پەتاتە، سێو، پرتەقاڵ و خورمادا سەپاندووە لە ئەمڕۆوە رێگەی لە هەناردەی پەتاتە بۆ هەرێمی کوردستان راگرت و نرخی هەر کیلۆیەک پەتاتەش لە عەلوەکاندا لە 600 دینارەوە گەیشتە 850 دینار.
هۆکاری خێرا بەرزبوونەوەی نرخی پەتاتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستا هیچ بڕە پەتاتەیەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناهێنرێتە عەلوەکان و ئەوەی لە بازاڕدایە پەتاتەی سوورییە کە ئەوەش رێژەکەی کەمە و پێداویستىەکانی بازاڕی ھەرێمی کوردستان پڕناکاتەوە.
بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بەجۆرێکە تاوەکو دوو مانگی دیکە هەناردەی پەتاتە، سێو، پرتەقاڵ و خورما لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیکە رابگرێت و بڕیاری راگرتنەکەش بۆ بەرهەمی پەتاتە لە ئەمڕۆوە سێشەممە 25ی شوبات، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ساڵانە لە ئێران زیاتر لە 5 ملیۆن تۆن پەتاتە لە 145 هەزار هێکتار زەوی بەرهەمدەهێنرێت و پارێزگاکانی هەمەدان، ئیسفەهان، ئەردەبیل، سنە، لوڕستان، ئازربایجانی رۆژهەڵات (تەبرێز) لە ریزبەندی پێشەوەی پارێزگا بەرهەمهێنەکانی پەتاتەی ئێرانن.