ڕوانگە - بەهۆی شەڕو پێکدادنی نێوان گروپە چەکدارەکانەوە، کچە کوردێک کە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بوو لە لازقیە کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاری و وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و ئاژانسی نۆرس پرێس و هاوارنیوز پشتڕاستیان کردوەتەوە: کچە کوردێک بە ناوی شیندا عادل کشۆ دانیشتوانی گەڕەگی رۆژئاوای شاری قامیشلۆ بووە، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی لازقیە (تشرینی پێشوو) بووە، ئەمڕۆ هەینی لەکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی شەرع و گروپەکانی لابەنگری ئەسەد گوللـەیەکی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

بەوتەی باوکی کچە قوربانییەکە؛ تا کاتژمێر یەکی بەرەیانی ئەمڕۆ هەینی لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ شیندا، کە لە ژورەکەی خۆی بووە لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ، بەڵام دواتر لەوکاتەی لە خەودا بووە کوژراوە و تائێستا زانیاریی زیاتریان لەسەر چۆنیەتی کوژرانی دەستنەکەوتووە.

هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی هاوارنیوز بڵاوی کردوەتەوە، شیندا لە خەودا بوەوە و گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە و راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ دەیان خوێندکاری کوردی زانکۆی لازقیە و دانیشتوی شارەکانی کوردستان گیریان خواردەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان و ناو کەسوکاریان.

لە دوێنێ پێنجشەممەوە، شەڕ و پێکدادان لە شارەکانی کەناری سوریا لەنێوان چەکدارانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری رژێمی بەشار ئەسەد دەستی پێکردووە، بەپێی روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە 70 چەکداری هەردوولا کوژراون.