ڕوانگە-بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندیشین بە زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی ڕێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن


دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی‌ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 


بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم.


ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی دیاری ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی گەلی کوردستاندا هەیە، کە هەمیشە نموونەی نیشتمانپەروەری و ئازایەتی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون.


جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندیشین بە زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی ڕێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان.


هەشتی مارس پیرۆز بێت و هیوای پێشکەوتنی زیاتر بۆ ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.


مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2025/3/8