ڕوانگە - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛"ئومێدەوارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بتوانین حکومەتێکی نوێی بەهێز و یەکگرتوو پێک بهێنین و بە شێوەیەکی باشتر و شایستەتر، درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەمان بدەین

بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانييان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بن.
سوپاسی خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەم کە ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان، وامان لێدەکات بەگەشبینیەوە لە داهاتوویەکی باشتر بڕوانین و ئومێدەوارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بتوانین حکومەتێکی نوێی بەهێز و یەکگرتوو پێک بهێنین و بە شێوەیەکی باشتر و شایستەتر، درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەمان بدەین و زیاتر خزمەتی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین و وڵاتەکەمان بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر ببەین.
نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/3/20