ڕوانگە - وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" وڵاتەکەی بەدوای هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا نییە لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا". 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕایگەیاند" کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا ڕێگە خۆشدەکات بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەدوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریادا ناگەڕێت. 

جەختیشیکردەوە، ئەنقەرە بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە، ئەگەر سوریا بیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل بگاتە هەندێک لێکتێگەیشتن، ئەوە کاروباری خۆیەتی.

فیدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی" هێرشەکانی ئیسرائیل توانای حکومەتی سوریا بۆ ڕاگرتنی داعش و هەڕەشەکانی دیکە تێکدەدەن".