ڕوانگە - وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەێت:"بەپێی ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە حکومەتی عێراقی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات و هیچ گرفتێک نەماوە لە لیستەکاندا و تەنها گرفتێک هەیە ئەویش بابەتی نەوتە و هێشتا ڕێککەوتنی تەواوەتی لەسەر نەکراوە، بەڵام هەنگاوی باشنراوە و بەهیواین ئەو گرفتەش بەمزوانە چارەسەربکرێت.

سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ میدیاکانی یەکێتی ڕایگەیاند:"مووچەی مانگی سێ هەمان لیستی مووچەی مانگی دوو بوو بۆیە کەمترین گرفتی هەبوو لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە کاتێک کە وردبینی تێداکرا."

وتیشی:"مووچەی مانگی چواریش بەهەمان سیستەم و هەمان ئەو لیستەیە کە دەنردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، بۆیە پێموایە کەمترین کاتی دەوێت بۆ وردبینیکردن و دوای ئەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ تەمویل کردن."

سەمیر هەورامی ڕونیشیکردەوە:"پێموایە لەماوەی ئەم هەفتەدا لیستەکە بە سیستەمی پەیڕەو ئامادە دەکرێت و دواتر لە دوای 20 ـی مانگەوە دەست دەکرێت بە تەمویل کردن، بۆیە تا 20 ـی مانگ وەفدێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی خەریکی ئامادەکردنی لیستەکەن  لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیاو زانیاری بەسیستەمی پەیڕەو، وە دوای ئەوە لیستەکە دەگەیەننە وەزارەتی دارایی عێراق بۆئەوەی هەمانشت وەکو مووچەی مانگی سێ مووچەی مانگی چوار تەمویل بکرێت بەو سیستەمە کە کەمترین گرفت قبوڵ دەکات."

سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد:"بەپێی ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە حکومەتی عێراقی تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات و هیچ گرفتێک نەماوە لە لیستەکاندا و تەنها گرفتێک هەیە ئەویش بابەتی نەوتە و هێشتا ڕێککەوتنی تەواوەتی لەسەر نەکراوە، بەڵام هەنگاوی باشنراوە و بەهیواین ئەو گرفتەش بەمزوانە چارەسەربکرێت، بەڵام ئەوەش نابێتە هۆکارێک بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت."