ڕوانگە - بەهۆی راگرتنی پێدانی ڤیزە لە وڵاتی سعودییە، هاوڵاتیان ناتوانن عەمرە بکەن، بەڕێوبەری نوسینگەی حەج و عەمرەی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت؛"
ئەوکەسانەی پێشوتر ڤیزەیان وەرگرتوە، دەتوانن هەتا ۱۳ـی ئەم مانگە گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.
سیروان محەمەد، بەڕێوبەری نوسینگەی حەج و عەمرەی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"بەهۆی ئامادەکارییەکانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ئەمساڵ، عەرەبستانی سعودیە پێدانی ڤیزەی بۆ رێوڕەسمی عومرە راگرتوە و هاوڵاتیان ناتوانن هەتا دوای تەواوبونی وەرزی حەجی ئەمساڵ، عەمرە بکەن."
ڕونیشیکردەوە؛"ئەوانەی پێشوتر ڤیزەی سعودیەیان وەرگرتوە، دەتوانن تاوەکو ۱۳ـی ئەم مانگە (٥ رۆژی تر) گەشتەکانیان بکەن."
لەکۆتایی مانگی رابردوەوە عەرەبستانی سعودیە وەرگرتنی مامەڵەی ڤیزای بۆ هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵات لەنێویاندا عێراق، راگرت؛ ئەویش بەهۆی نزیکبونەوەی وەرزی حەج، بۆ ئەوەی رێگریی بکات لە کەسانێک کە بیانەوێت بە ڤیزای عەمرە یان ڤیزای گەشتیاریی، فەریزەی حەج بەجێبهێنن.