ڕوانگە - بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا قەبارەی هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە.

رەزا نیک رەوش، بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای کرماشانی چوارشەممە، 9ی نیسانی 2025،   رایگەیاند، لە 2024-03-21 تاوەکو 21-3-2025، زیاتر لە 7 ملیۆن و 895 هەزار تۆن کەلوپەلیان هەناردە کردووە.

رەزا نیک رەوش گوتی، "هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەبەهای سێ ملیار و 487 ملیۆن و632 هەزار دۆلار بووە و بە رێژەی 15٪ زیادی کردووە."

بە گوتەی نیک رەوش، زۆرترین کاڵا لە دەروازەی سنووری پەروێزخان هەناردە کراوە، کە بەهاکەی 995 ملیۆن و 555 هەزار دۆلار بووە. دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی و سوومار بە پلەی دووەم و سێیەم دێن لە رووی هەناردەکردنی کاڵاوە.

بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراون بریتین لە: ئاسن، بەرد، کاشی، سەوزە و میوە، مەڕمەڕ، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستیکییەکان.