ڕوانگە - لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" پێویست و گرنگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
دوێنێ هەینی ٢٠٢٥/٤/١١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە و هەروەها لە پەیوەندییەکەدا ، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە. هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.