ڕوانگە - سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە و جەختیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک نوسیویەتی"لەگەڵ نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، برەودان بە پەیوەندیی دولایەنەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کردوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە گفتوگۆیان لەبارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کرد و هەروەها باسیان لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرد.
سەرۆکی حکومەت ئەوەیشی خستوەتەرو لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیاش سوپاسی کردون بۆ پشتیوانییان لە پرۆسەکە.