ڕوانگە - ئەمریكا گۆڕانكاریی لە شوێنی سەربازەكانی لە خاكی سوریادا دەكات، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەش پشتڕاستی دەكاتەوە لە چەند مانگی داهاتودا، هەزار سەرباز لە سوریا دەكشێننەوە.

شۆن پارنێڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە پێنتاگۆن لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە" وەزیری بەرگریی، فەرمانی كردوە بۆ تێكەڵكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و لە هەندێك شوێنی دیاریكراو چڕ بكرێنەوە".

وتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت"ئەو پڕۆسەیە بە مەبەست و لەسەر بنەمای هەلومەرجەكە دەكرێت، لە چەند مانگی داهاتوشدا نزیكەی هەزار سەربازیان لە سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان دەكشێننەوە و كەمتر لە هەزار سەرباز دەهێڵنەوە".

لە ڕاگەیەنراوەكەی پێنتاگۆندا جەخت كراوەتەوە لەوەی، وێڕای كەمكردنەوەی هێزەكانیان، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا، وەك پێشتر ئامادە دەبێت بۆ هێرشكردنە سەر پاشماوەكانی داعش لە سوریا و وەڵامی هەر هەڕەشەیەكی دیكەی تیرۆریستیش دەدەنەوە ئەگەر سەرهەڵبدات.