ڕوانگە - گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە نێو باڵیۆزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆتایی هات و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەمبارەیەوە وتی: گەڕی دووەمی دانوستان باش بەڕێوەچوو و چووینەتە قۆناغێکی نوێوە

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی ئێران و ئەمریکاش، دانوستانەکان ئەرێنی بوون  و لە کەشێکی بونیاتنەرانە بەڕێوەچوو.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە شەممەی داهاتوو، هەردوو لایەن لە سەر ئاستی تەکنیکی لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆدەبنەوە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت چەند رۆژی داهاتوو گەڕی سێیەمی دانوستان دەستپێدەکات.

لە هەمان کاتدا ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: پێویستە سزاکانی سەر ئێران لاببرێن، ماوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونیەوە، ئێران بەوپەڕی ئامادەیی و جدیبوونەوە لە دانوستاندایە.