ڕوانگە - بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بکات.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: مانگی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و سەردانەکەی وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات دەگرێتەوە.
پێش راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو، پلانی هەیە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و رەنگە بچێتە قەتەر و ئیمارات، لە مانگی داهاتوودا.
کۆشکی سپی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە؛ سەردانەکەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رۆژانی 13 بۆ 16ـی ئایار دەخایەنێت و دەبێتە دووەم سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەرەوەی وڵات لە ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی لە 20ـی کانونی دوومی ئەمساڵ، پێش ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە بچێتە رۆما بۆ بەشداریی کردن لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی پاپا فرانسیس.
سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، کە سعودیە میوانداریی گفتوگۆکانی ئەمەریکا و روسیا و ئۆکراینا دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست و کۆتایی هێنان شەڕی سێ ساڵەی ئۆکراینا و تائێستا چەند گەڕێکی دانوستان بەڕێوەچووە.
هاوکات رۆژی 12ـی ئەم لە میرنشینی عوممان، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستی پێکرد، گەڕی دووەمیش سەرەتای ئەم هەفتەیە لە رۆما و بەنێوەندگیریی عوممان و لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.