ڕوانگە - شەوى سێ شەممە، هیندستان هێرشێکی موشەکی بۆسەر چەند ناوچەیەکى پاکستان دەستپێکرد و سوپای پاکستانیش بەڵێنى وەڵامدانەوە دەدات، لەکاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکى ئەتۆمی ماوەیەکە پەرەی سەندووە.
دواجار گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵاتى خاوەن چەکى ئەتۆمى، هیندستان و پاکستان گۆڕا بۆ هێرش و رووبەڕووبوونەوە، دواى ئەوەى هیندستان هێرشى دەستیپێکرد.
حکومەتی هیندستان لە بەیاننامەیەکدا بە ئامانج گرتنى نۆ پێگەى راگەیاند کە بە پێگەى تیرۆریستی لە هەرێمى کشمیر لەخاکى پاکستان ناویبردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە سنوردار بووەو ئامانج لێی ئاڵۆزکردنى زیاترى بارودۆخەکە نەبووە و هیچ دامەزراوەیەکی سەربازی پاکستانی نەکردووەتە ئامانج.
وەزیری بەرگری پاكستان، ڕایگەیاند: ژمارەیەک فڕۆكەی سەربازی ھیندستان تێكشکێندران و خرانە خوارەوە.
هەر لەمبارەیەوە، ڕۆژنامەی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵوی کردەوە: فڕۆکەکان لە ناوچەکانى جامو و کشمیر و پەنجابی هیندستان کەوتوونەتە خوارەوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسى فڕۆکەوانەکان نادیارە.