ڕوانگە - ڕۆژانی داهاتوو ترەمپ دێت بۆ کەنداوی فارسی\عەرەبی. لە ڕاستیدا یەکێک لە پلانەکانی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارسییە بۆ کەنداوی عەرەبی. بەڵام ئەمە تەنها موقەبیلاتە. ترەمپ کۆمەڵێک پلانی هەیە هەندێکیان جێگای سەرنجن و کاریگەرن. هەندێکیان بۆ کورد خراپە.
یەکەم، ترەمپ سەردانی ئیسرائیل ناکات. هەرچەندە لۆبیی ئیسرائیلی لە هەوڵی زۆردان هەتا ترەمپ سەردانی تەل ئەبیب بکات، بەڵام هەتا ئێستا پلان نیە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت سەردانەکەی هەموو دەسکەوت و سەرکەوتن بێت، لە ئێستادا لە ئیسرائیل هیچ دەستکەوت و سەرکەوتنێک نیە. بەڵام ئاماژەکان دەڵێن ڕەنگە پرسەکە لەوە ئاڵۆزتر بێت. بۆ نمونە، ترەمپ ئامادەیە چەکی ئەتۆمی مەدەنی بدات بە سعودیە. ئەم پرسە لە سەردەمی بایدندا بەسترابوو بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی سعودیە لە گەڵ ئیسرائیلدا، ئێستا ترەمپ ئەم دوانە لە یەکتر جودا دەکاتەوە.
پلانێک هەیە کە چۆن لە دونیای نوێدا سعودییە بکرێت بە هێزێکی گەورەتر لە تەنها هێزێکی ئیقلیمی. ئەمە ئیسرائیل نیگەران دەکات.
دەبێت مامەڵەی ئەمریکا لە گەڵ ئیسرائیلدا مایەی نیگەرانی بێت بۆ کەنداوییەکان. قسەیەکی کیسنجەر هەیە دەڵێت: ترسناکە دوژمنی ئەمریکا بیت، کوشندەیە دۆستی ئەمریکا بیت.
دووەم، ترەمپ لە سەردانی بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر گرێبەستی تریلیونی دەکات. چەمکی تریلیونی گرنگە لە کاتێکدا ترەمپ لە سەد ڕۆژی ڕابوردودا بە دەگمەن هەواڵی پۆزەتیفی هەبوو لە پلانەکانیدا، دەیەوێت ئەم سەردانە بکات بە سەردانی بە دەستهێنانی پارە. دیدی ترەمپ بۆ کەنداو لە کۆنەوە ئەوەیە کە ئەمریکا دەبێت پارەیان لبسێنێت لە بەرامبەر هەموو شتێکدا. کەنداوییەکانیش لە ئێستادا دەتوانن ئەمە بکەن، تەنانەت سامانێکی زۆریان بە ئیریکی کوڕی ترەمپ بەخشیوە. لە سعودییە جگە لە ئەتۆم کۆمەڵێک گرێبەستی تر دەکات، لە ئیمارات زیاتر لە بواری هۆشمەندی زیرەکدایە، کە ئیمارات دەیەوێت ببێت بە ناوەندی ئەو بوارە، لە قەتەر بە زۆری بۆینگە، بە تایبەتی چین چیدی فرۆکەی بۆینگ ناکڕێت.
سێیەم، بەڵام سەردانەکە تەنها پارە و گرێبەست نیە، ئیران و سوریا، دوو خاڵی سەرەکی دەبن لە ئەجیندای سەفەرەکە. ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ترەمپ لە ریاز ئەحمەد شەرع دەبینێت، بەڵام هێشتا دڵنیایی نیە. شەڕع لە لایەن کەنداوییەکانەوە پێی گوتراوە دەبێت لە گەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندیت ئاسایی بکەیتەوە هەتا ئابلۆقەت لە سەر هەڵبگیرێت، ئەویش لاریی نیە. ئێستا دۆخەکە وەهای لێهاتوە تەنها لە کەناڵەکانی باشور هانی خەڵک دەدەن بڕۆن بۆ شەڕی فەلەستین. هەر لەم ڕوەوە دەڵێن ترەمپ ڕازی بوە کە قەتەر موچەی کەرتی مەدەنی حکومەتی سوریی بدات، چونکە پێشتر بە هۆی ئابلۆقەوە نەدەتوانرا.
چوارهەم، ئێران. کەنداوییەکان بە پێچەوانەی جاران دژ بە دانوستانی ئەمریکا و ئێران نین. لە ڕاستیدا ترسی کەنداوییەکان لە چەکی ئەتۆمی ئێرانی نیە، هێندەی ترسیان لە ئامراز و چەکە تەقلیدییەکانە. بۆیە ئەوان زیاتر مسۆگەرکردنی پشتیوانی ئەمریکایان دەوێت، بەبێ دژایەتیکردنی ئێران. لەم ڕوەوە هەنگاوی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارسی بۆ عەرەبی هەنگاوێکی بێ سودە.
ئایا ئەگەر ترەمپ ناوەکەی بگۆڕێت ئێرانییەکان ئەوە دەکەنە بیانو بۆ وەستانی دانوستانەکان، گومان دەکەم. ترەمپ دەیەوێت بڵێت گەرچی دانوستان دەکات بەڵام سازش ناکات.
پێنج، کورد. پرسی کورد ڕاستەوخۆ نابێت پرسی سەردانەکە بەڵام ناڕاستەوخۆ پرسێکی گەورەیە. کەنداوییەکان جەخت لە مەرکەزیی بونی سوریا دەکەنەوە. بە ترەمپ دەڵێن تەنها ڕێگا بۆ ڕێگریی لە پەرتبونی سوریا و هاتنەوەی ئێران بۆ ئەوێ بونی حکومەتێکی ناوەندییە، ئەمەش دژ بە خواستەکانی کوردە.