ڕوانگە - تیمی پڕۆژەی رووناکی  ڕایگەیاند؛  ئەو نرخەی ئێستای کارەبا بۆ ئەو گەڕەکانەی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، "ئەزموونی"یە و ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کارەبای 24 کاتژمێری بە "نرخێکی دادپەروەرانە" بداتە هاووڵاتییان. بە تایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی کەم دەرامەتن.

ئاماژەی بەوەش داوە؛ "وەزارەتی کارەبا کار دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا نرخی کۆتایی دیاری بکات."

ڕاشیگەیاند؛ "رێژەی 50٪ی ئەو هاوبەشانەی کەوا ماوەی شەش مانگە کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری، بە تێکڕا کەمتر لە 670 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە."

تیمی پڕۆژەی رووناکی ڕوونیشی کردەوە؛ ئەوانەی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە "80٪یان پارەی کەمتر دەدەن بەراورد بەوەی کە پێشتر بە پارەی کارەبای موەلیدە و نیشتمانییان دەدا."