ڕوانگە - ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران،  ڕایگەیاند:" ڕێکەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، نزیکە و سەرۆکی ئەمریکاش دووپاتی دەکاتەوە کە تا ئێستا وڵاتەکەی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە نەداوە".

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری سیاسیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە" واشنتۆن دانی بە ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و دەزگا هەواڵگرییەکانیدا ناوە، کە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە".

شەمخانی باسی لەوەش کردوە، ئیرادەی تاران و واشنتۆن بۆ درێژەپیدان بە دانوستانەکان، هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی سەر ئێران و دانپیدانان بۆ ئەوەی ئێران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە مەبەستی ئاشتیخوازانە هەیە، دەتوانێت ببێت بە هۆی ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا. 

لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی ئاشکرای کرد، تا ئێستا واشنتۆن بڕیارێکی لەبارەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە نەداوە و بەزویی هەڵوێستی واشنتۆن لەو بارەیەوە رادەگەیەنرێت.