ڕوانگە -  ئارەش لەهۆنی پارێزگاری کوردستان ڕایگەیاند: لە سەر بانگهێشتی پارێزگاری کوردستان، هەر چوار پارێزگاری هەولیر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کۆتائی مانگی ئایار سەردانی سنە دەکەن.

 پارێزگاری کوردستان (سنە ) ڕۆژی پێنج شەممە ۱۸ی ئایار ڕایگەیاند: کوردستان لە کۆتایی مانگی ئایاردا میوانداری چوار پارێزگاری هەرێمی کوردستان هەریەکە لە بەڕێزان هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر، نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک دەکات.

وتیشی هاوکات لە گەڵ سەفەری پارێزگارانی هەرێم، هەر دوو پارێزگاری پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان لە سنە بەشداری کۆڕبەندی ئابووری و کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاکان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کوردستان و لە سەر سیاسەتی سەرەکی دەوڵەتی 14 و ئیدارەی پزیشکیان بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

پارێزگاری کوردستان ئەم کۆبوونەوەیەی بە هەنگاوێکی گرنگ ناوبرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و جەختی لەسەر پێویستی سوودوەرگرتن لەم بۆنەیە کردوو دەشڵێت: “ئەمە یەکەمجارە چوار پارێزگاری هەرێمی کوردستانی عێراق لە یەک کاتدا لە پارێزگای کوردستان ئامادەبن و دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ناساندنی تواناکانی پارێزگای سنە”.

ئاماژه ی به وەشدا: خاڵی سەرەکی گرنگی دانوستان و بەرنامەکانی ئەم دیدارە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لە بوارە ئابوورییەکان و بەرەوپێشبردنیان، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی تایبەتی کوردستان.

پارێزگاری کوردستان بە ئاماژەدان بە توانای بەرزی پارێزگاکە لە بواری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، جەختی کرد لە سەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتوورییەکانیش.

لەهۆنی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پارێزگاکانی دراوسێش دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، هەوڵیش دەدرێت بۆ ئەوەی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی تایبەتی خۆی لە ناوەندی ئەو پەیوەندیانەدا بێت.

وتیشی: سنوورەکانی پارێزگای کوردستان وەک باشترین دەرفەت بۆ گەشەپێدان ناسێنراون، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کەمترین سوودیان لێ وەرگیراوە.