ڕوانگە - لەپایی هاوکاریکردن و هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگەی ناوچەکە، بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢٥/٥/١٣ لەلایەن گروپی ژینگە پارێزانی گەرمیانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی پەیامنێری دەزگایی میدیایی ڕوانگە کرا،
یاسین محەمەد ئەمین، سەرۆکی گروپی ژینگە پارێزانی گەرمیان، ڕایگەیاند:" ئەم ڕێزلێنانە پێزانینێکی بچوکە لەبەرامبەر ئەو هەوڵە گەورە و فراوانەی دەزگایی میدیایی ڕوانگە کە بەبەردەوام داوێتی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە پارێزگاریکردن لە ژینگەی ناوچەکە. '
وتیشی:" دەزگایی میدیایی ڕوانگە، یەکێکە لەودەزگا چالاک و دڵسۆزانەی کە بەردەوامە لە خزمەتکردن بۆئەوەی ڕۆڵی هەبێت لە پارستن و پێشکەوتنی ژینگەی ناوچەی گەرمیان. '
لە بەرامبەریشدا، سەردەشت محەمەد حسین، پەیامنێری دەزگایی میدیایی ڕوانگە، بەناوی بەڕێوەبەرو ستافی دەزگایی میدیایی ڕوانگەوە، سوپاس و پێزانی خۆیانی ئاراستەی گروپی ژینگە پارێزانی گەرمیان کردوو ڕایگەیاند:" پارێزگاریکردن لەژینگە و هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بەرامبەر بەژینگە لە پێشینەی کارەکانمانە و هەردەم بەردەوام دەبین لەخزمەتکردن بەژینگە، چونکە پارێزگاریکردن لەژینگە ئەرکی هەمولایەکە و پێویست دەکات هەموان یەکدەست و یەکهەڵوێستبین بەرامبەر بە خزمەتکردن و پاراستنی ژینگەی ناۆچەکە.'