ڕوانگە - لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە لەبەشی پۆلیسی شارەزوور داواكراوە بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"شەوی ڕابردوو لەناو بازاڕی هەڵەبجەی تازە لە قەزای شارەزوور كەسێك بە فیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی پۆلیسی شارەزوور دەركەوت كە ڕووداوەكە بەهۆی كێشەیەكەوە بووە و تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە.
وتیشی:"لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو و زانرا كە تۆمەتبار بەرەو قەزای سەیدسادق هەڵاتووە، سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە بەهاوكاری بەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەناو قەزای سەیدسادق دەستگیربكرێت."
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"لە ئێستادا تۆمەتبار ( أ ، ع ، ر - تەمەن 24 ساڵ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.