ڕوانگە - بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و خستنەڕووی چۆنێتی ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتای خوێنبەربوون، پەیمانگای تەکنیکی کەلار زانکۆی پۆڵیتەکنیکی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری گەرمیان و سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری کوردستان، وۆرکشۆپێکی تایبەتیان بەناونیشانی (نەخۆشی تای خوێنبەربوون، دەرهاویشتەکانی و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە نیشانەکانی) ئەنجامدا.

لەو وۆرکشۆپەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران و کەسانی تایبەت بەوپرسە ئامادەبوون، بەوردی مێژووی سەرهەڵدان و چۆنێتی بڵاو بونەوەی نەخۆشیەکە و مەترسی و هەروەها چۆنێتی ڕێگریکردن لە نەخۆشیەکە قسەی لەبارەوەکرا.

لە کۆتایدا لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری ۆرکشۆپەکەوە چەندین ڕاسپاردەی گرنگ خرایەڕوو، کە هەمویان تایبەت بوون بە چۆنێتی خۆپاراستن لە توشبوون و بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە.

شایەنی باسە، نەخۆشی تای خوێنبەربوون، یەکێکە لەو نەخۆشییە باوانەی، کە لەڕێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و ساڵانە بەتایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا نەخۆشییەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە.