ڕوانگە - لەکاتی بەڕێوەچونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل، هێرشکرایە سەر خۆپیشاندەران و بەڕێوەبەری گشتیی نوسینگەی هەواڵگریی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) ڕایگەیاندووە، هێرشەکە تیرۆریستییە، بەئامانجگرتنی خۆپیشاندەران بوەو لێکۆڵینەوەشیان دەستپێکردوە.

شەوی ڕابردوو لەویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا، هێرشکرایەسەر خۆپیشاندانێکی پشتیوانیی لەئیسرائیل، بەهۆیەوە هەشت کەس برینداربون کە برینی یەکێکیان سەختە.

بەگوێرەی پۆلیسی شاری بۆڵدەر، هێرشکارەکە ناوی محەممەد سەبری سولەیمانەو ئامێرێکی گڕهاوێژی بۆ هێرشکردنەسەر خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، لەکاتی هێرشەکەشدا دروشمی ئازادی بۆ فەڵەستینی وتوەتەوە.

لای خۆیەوە، کات پاتێل بەڕێوەبەری گشتیی نوسینگەی هەواڵگریی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکە تیرۆریستییە، بەئامانجگرتنی خۆپیشاندەران بوەو لێکۆڵینەوەشیان دەستپێکردوە.

هەروەها مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی، "تیرۆر لەوڵاتە گەورەکەماندا جێگەی نابێتەوە".

دانی دانۆن باڵیۆزی ئیسرائیلیش لەنەتەوەیەکگرتوەکان وتویه‌تى، "ئێمە لەئەمریکا ڕوبەڕوی شەپۆلێکی تیرۆری دژە جولەکە دەبینەوە".