ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل و کاریگەرییە خراپەکانی ئەو جەنگە بۆسەر ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، عادل عوسمان محەمەد چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند:" ئەگەر سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، شەڕێکی بەردەوام لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا بەردەوامی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێران خۆی بەشێکە لەو شەڕانە و سەرەتاش پەلاماری هاوکارەکانی درا لە لوبنان و غەززە و یەمەن و سوریا، ئەوە ئێستا هێرشەکان بۆ ناوخودی ئێران دەستی پێکردووە، بۆیە پێشبینی دەکەین بەپێی ئەو بەرنامەڕێژییەی کە هەیە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا ڕودەدات بەردەوام بێت و درێژەی هەبێت، بەڵام بەردەوامییەکەی ئەوە نییە کە شەڕی ڕووبەڕووبونەوە ڕوبدات، بەڵکو لەڕێگەی چەکە دورهاوێژەکانەوە ئەو ناوەندانەی کە پێویستە بۆ بەدەستەوەدانی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت وەکو هەژمونی ئەم ناوچەیە بیانخەنە ژێردەستی خۆیانەوە بەردەوام دەبێت و لەو ناوەندانە دەدرێت، بۆیە شەڕەکە شەڕێکی دوورمەودایە لە بەرامبەر دەستبەسەرکردنی ئەو دەسەڵات و دەوڵەتانە.'
لە وەڵامی ئەوپرسیارەی کە ئایە درێژەکێشانی ئەم جەنگە چی دەرئەنجامێکی خراپی بۆسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی هەیە؟ عادل عوسمان محەمەد چاودێری سیاسی ڕونیکردەوە:" ئەم جەنگە، جەنگی داڕشتنەوەی ناوچەکەیە بۆیە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنیش بۆ خۆی دروست دەکات، هەرچەندە ئێران بەپێی سیستەمی هەژمونی ڕابردوو وڵاتێکی زلهێزی ناوچەییە، بەڵام وێنەیەکی گەورەتری پیشانی دونیادرا و ئێستا ئەو هەژمونەی لێ دەسەندرێتەوە، لەبەرئەوە ئەم لێدانەی ئەمشەو نیشانی دەدات مەترسییەکان چۆنە، بۆیە تەنانەت ئێران خۆیشی هەم زیانەکان نازانێ و هەمیش نازانێ چۆن ئەتوانێ وەڵامی ئەوهێرشانە بداتەوە، لەبەرئەوە زیانەکانی لەناوبردنی چەکە کۆکژیەکانی ئێران بەکوێ گەیشتووە، بۆیە دەکرێت لە داهاتودا ئێران وەڵام بداتەوە، چونکە ئێران وڵاتێکە خاوەنی هێزە و دەکرێت کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بە ئیسرائیل، بەڵام ئەوەی کەڕوودەدات زۆرتر بۆسەر کۆمەڵگەکانە و زیاتر خەڵک زیانی بەردەکەوێت و دۆخێک لە هەژاری و نەبونی و بێکاری دروست دەکات.