ڕوانگە - ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥  لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند:" عێراق هەمو هەوڵێک دەدات بۆئەوەی ڕێگری بکات لە فراوانبوونی شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل.

بە پێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە،  عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵدەدات بۆ ڕێگریی لە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە.هەروەها ئامادەیی عێراقی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ئێران.

هاوكات نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی عێراقی کردووە، بۆ هەڵوێستەکانی بۆ ڕەتکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل و هێرشە دووبارەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و لە تاوانەکانی دژ بە گەلی فەڵەستین.

هەروەها پزیشکیان، جەختی لەسەر گرنگی گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە و وتویەتی "لەوانەیە هێرشەکان، وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرنەوە."

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێکرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن.