ڕوانگە - ئێران هەڕەشەی هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەربێت و ئەو وڵاتە هاوکاری ئیسرائیل بکات لە هێرشکردنەسەر ئێران.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە،  ئێران هەمو ئامادەکاریەکانی تەواوکردووە بۆ ئەوەی هێرشبکاتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لەکاتێکدا ئەگەر ئەمریکا بەشداریی شەڕی ئیسرائیل بکات دژی ئەو وڵاتە.

لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنگە و بارەگاکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستی بە ئامادەکاریەکان کردووە و نزیکەی ٣٠ فڕۆکەی پڕکردنەوەی سوتەمەنی ڕەوانەی ئەوروپا کردوە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئیسرائیل بەردەوام فشارێکی گەورە دەخاتەسەرکۆشکی سپی بۆ دەستێوەردانی ئەمەریکا لە ململانێیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا.

هەربەپێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئەگەر ئەمریکا پەیوەندیی بەهێرشی ئیسرائیلەوە بکات‌و هێرشبکاتەسەر فۆردو کە دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئەتۆمی ئێرانە، ئەوا میلیشیا حوسییەکانی سەر بەئێران بەدەست بەبۆمبارانکردنی کەشتییەکانی دەریای سور دەکەنەوە، هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێدەچێت میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەعێراق‌و سوریا هەوڵی هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەوێ بدەن.

 ئەوەشخراوەتەڕوو، "ڕەنگە ئێران بەچاندنی مین لەگەروی هورمز دەستپێبکات، ئەمەش ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەکەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەکەنداوی فارس".