ڕوانگە - ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەبچێت بەگوێرەی کارنامەی کۆبونەوەکە باسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکرێت.
وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سێ پرس کۆببێتەوە لەوانە: لە تەوەری یەکەمدا، دواین شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی تاتوێدەکرێت.
لە تەوەری دوەمیشدا، بڕیاری لێخۆشبون لە سزای سەرپێچی هاتوچۆ بەرێژەی 20% درێژکردنەوەی بۆ شەش مانگی دیکە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
تەوەری سێیەمی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەتە بە پرسی دامەزراندنی دەرچوانی کۆلێژی پزیشکی گشتی و وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
نزیکەی دوو مانگە بەهۆی ململانێیەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دابەشنەکراوە و چاوەڕێ دەکرا حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکات، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دا پرسی مووچە قسەی لەبارەوە ناکرێت.