ڕوانگە - لەسەر دۆسیەی كوشتنی هاوڵاتییەك  و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیەی سەر بەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵ و بەهاوكاری مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی چەمچەماڵ تۆمەتبارێك دەستگیركرا .

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە ناحیەی تەكیە لە گەڕەكی ڕزگاری هاوڵاتییەك كوژرا ، هێزەكانی پۆلیسی سنورەكە دەستبەجێ‌ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیانپێكرد ، دوای لێكۆڵینەوەكان و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر لە لایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیەی سەر بەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵ و بە هاوكاری مەفرەزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی چەمچەماڵ توانرا شوێنی تۆمەتباری هەڵاتوو دەستنیشان بكرێت و دەستگیربكرێت .

وتیشی:" لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخستووە كە تۆمەتبار بە چەكی جۆری دەمانچە هێرشی كردووتە سەر تاوانلێكراوو كوشتویەتی .

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"لە ئێستادا تۆمەتبار ( ر،أ،م ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دەستیش گیراوە بەسەر ئەو چەكەی كە تاوانەكەی پێ‌ ئەنجامدراوە .