ڕوانگە - لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە، تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بەووتەی سکاڵاکار بڕی ٣٦٠ هەزار دۆلار (٣٦ دەفتەر دۆلار)ی لێ دزیووە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی خاوەن كارێك لەنوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵای تۆماركرد كە بڕی ٣٦٠ هەزار دۆلاری لێدزراوە، بڕیاری بەڕێز دادوەری تایبەتمەند بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد.
سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دەستگیربكرێت.
لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەستگیرا بەسەر بڕێک لەو پارەیەی کە تۆمەتبار دزی بووی لەگەڵ ئوتۆمبێلێکدا.
وتیشی:"بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبار لای سكاڵاكار وەك كارمەند كاری كردووەو دانی بەوەدا ناوە كە لەماوەی دوو ساڵدا بڕی ٩٠ هەزار دۆلار (٩ دەفتەر دۆلار)ی لەخاوەنکارەکەی دزیوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"لە ئێستادا تۆمەتبار (ڕ، ڕ، س لەدایکبووی ١٩٩٧) بەبڕیاری بەڕێز دادوەری تایبەتمەندو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.