ڕوانگە - لە گرتنەدەستى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامییەوە، ئێران بە دروشمى 'مەرگ بەر ئیسرائیل' و بەڵێنى سڕینەوەى قەوارەى زایۆنى، خۆی وەک نەیار و دوژمن بە ئیسرائیل ناساندووە. لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل ئێرانى لە ریزبەندى دوژمنە یەکەمەکانى داناوە. هەردوولا یەکتریان بە هەڕەشە و مەترسى بۆ سەر یەکتریى دەزانى، بەڵام چاوەڕوانى ئەوە نەدەکرا رۆژێک بکەونە ناو جەنگێکى راستەوخۆ و رووبەڕوو.
ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەى ئەوەى دەکرد رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمى، بۆیە چاوەڕێ دەکرا رۆژێک ئیسرائیل بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران بکاتە ئامانج، جا لە رێگەى هێرشى سایبەرییەوە بووایە، یاخود هێرشى راستەوخۆ. هەروەها بۆ ئێرانیش چاوەڕوانییەکان تاوەکو ئەو ئاستەبوون کە لە رێگەى گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییە وابەستەکانى خۆیەوە لە فەلەستین، یەمەن، لوبنان، سووریا و عێراق، بەردەوامى بە هێرشە مووشەکى و درۆنییەکانى بدات دژ بە ئیسرائیل.
بەڵام لە 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 بە هێرشى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو زیانە گەورەیەى بە ئیسرائیلى گەیاند، دەرگاى بۆ ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل ستراتیجى خۆى بگۆڕێت، لە جۆرى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکان، لە تۆڵەکردنەوە و تەمبێکردن و تەنانەت لەناوبردنى مەترسییەکانیش زیاتر بڕوات. پلانى ئەوەى خستەڕوو کە دەیەوێت نەخشە و هاوکێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگۆڕێت.
نەتەنیاهووى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل چەند جارێک لە کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان و لە دیدار و لێدوانەکانی دواتریدا، بەڕوونى ئاماژەى بەوە دەکرد سەرلەنوێ نەخشەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دادەڕێژنەوە، بەڵام نە ئیدارەى ئەوکاتى ئەمریکا و نە دۆستە ئەورووپییەکانى پشتیوانییان بۆ پڕۆژەکەى دەرنەبڕى. تەنیا لەو چوارچێوەیەدا رەوایەتییان بە کار و کردەوەکانى ئیسرائیل دەدا کە مافى خۆیەتى بەرگرى لەخۆى بکات.
پێدەچوو ئیسرائیل چاوەڕوانى گەڕانەوەى ترەمپ بکات بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکەى، بۆیە لەلایەک وەک یاریکردن بە کات و لەلایەکى دیکەشەوە وەک زەمینەخۆشکردن بۆ پلانەکەى، ئەو 6 گرووپەى کە وەک هەڕەشە و مەترسى دیاریکردبوون، کردنى بە دوو بەش. سەرەتا مەترسیى حەماس و حیزبوڵڵا و سووریاى نەهێشت، حووسییەکانى یەمەن و عێراق و ئێرانی هێشتەوە بۆ قۆناخى دواى گەڕانەوەى ترەمپ.
لێرەدا ئەوەى جێى هەڵوەستەکردنە ئەوەیە کە هەموو چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوە بوو ئیسرائیل دواى کۆتایى مەترسى حەماس و حیزبوڵڵا و گۆڕینى ئەسەد، پەلامارى حووسییەکان و حەشدى شەعبى بدات، نەک راستەوخۆ هێرش بکاتەسەر ئێران. بەتێگەیشتن لە گۆڕینى ئەم ریزبەندییە باشتر لە ئامانجى نەتەنیاهوو تێدەگەین لەم جەنگەى هەڵیگیرساندووە.
ئەگەر حووسییەکان و حەشدى شەعبى پێشبخستایا، ئێران لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە سازشى دەکرد و بە هەموو مەرجەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەمریکا قایل دەبوو، چونکە کەسى بەدەستەوە نەدەما تاوەکو بەوەکالەت شەڕى بۆ بکەن و نەشیدەویست خۆى بچێتە هیچ شەڕێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل. بەو جۆرە پاساو نەدەمایەوە بۆ ئیسرائیل دەست بە هێرشەکانى بکات بۆ سەر تاران. هەروەها ئەگەر حووسییەکان پێشبخرابان، ئەى کێ مووشەکى بگرتایەتە کەشتییەکان لە دەریاى سوور، تاوەکو جیهان رەوایەت بە ئیسرائیل بدات بۆ درێژەدان بە جەنگەکەى.
ئیسرائیل بە مەبەست شەڕى ئێرانى پێشخست، پێش ئەوەى ئێران سازشبکات و کارتى هێرش و پەلامارەکان لەدەستى ئیسرائیل دەربێنێت. چونکە ئیسرائیل ئێستا ئەوەى ناوێت کە ئێران وڵاتێکى نا ئەتۆمى بێت، چونکە دەزانێت لە هەر رۆژگارێکى دیکەدا بۆ ئێران هەلومەرج لەباربێت بە ئاسانى دەبێت بە خاوەن چەکى ئەتۆم. لەم رۆژانەى شەڕیشدا دەرکەوت تواناکانى ئێران لەوە زیاترە کە لانیکەم راى گشتى دەیزانى. مەترسیی مووشەکە کیشوەربڕەکانى لە چەکى ئەتۆم کەمتر نین. هەروەها بوونى درۆنى پێشکەوتووى لەو جۆرەى کە تواناى بڕینى 7 هەزار کیلۆمەترى هەیە، ئاماژەى بەخێرایى پەرەپێدانى توانایەکى لە چاوەڕوانى بەدەرە بۆ ئێران. بۆیە ئەگەر هەر وڵاتێک لەبەر لاوازى لە جەنگدا بڕووخێت، ئێران لەبەر مەترسیى بەهێزبوونى دەیڕوخێنن.
ئەو مەترسییانەى سەرکردە و سیاسییەکانى تورکیاش بۆ هەژمونى ئیسرائیل و پلان و نەخشەکەى بۆ گۆڕینى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەیخەنەڕوو، ئاماژەى ئەوەیە کە ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێ لە پڕۆژەى رۆژهەڵاتى نوێدا، دەوڵەتى بەهێز و گەورە نەمێنێت.
دەرکەوتەیەکى دیکەى ئەم شەڕەى نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە ئەوە دەسەلمێنێت پڕۆژەى گۆڕینى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەى نەتەنیاهوویە و بە گەڕانەوەى ترەمپ بۆ حوکم، ئەمریکاش بووەتە هاوبەشى، پڕۆژەیەکى جیدی بڕیارلێدراوە، هەڵوێستى بەشێک لە وڵاتانى ئەورووپایە لە پشتیوانیى بێبەرانبەرى ئیسرائیل و بێمنەتى و قبووڵنەکردنى پشتیوانییەکانیانە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لە یەکەم رۆژى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر تاران، کە هێشتا ئێران هیچ وەڵامێکى نەدابووەوە، هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل دەربڕی کە ئامادەن هاوکاریی ئیسرائیل بکەن بۆ پاراستنى وڵاتەکەى، بەڵام دواى سێ رۆژ، ئیمانوێل ماکرۆن وەک دەربڕینى گلەیى ئاماژەى بەوەکرد کە هیچ داوایەکمان لێناکرێت بۆ پشتیوانیى ئیسرائیل. ئەمە ئاماژەیەکى گرنگە بەوەى ئیسرائیل و ئەمریکا نایانەوێ دۆستە ئەورووپییەکانیان لەگەڵیاندا بەرى سەرکەوتنەکان بچننەوە. هەروەک بە دیوێکى دیکەشدا ئاماژەى ئەوەیە کە فەرەنسا و بەریتانیا وەک داڕێژەرى نەخشەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاستى کۆن، لە پڕۆژەى سایکس بیکۆ، خۆیان بە خاوەن رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەزانن و دەیانەوێ لە دیزاینکردنەوەى ئەمجارەى ناوچەکەدا نەخرێنە پەراوێزەوە.
هێشتا جەنگەکە لە هەفتەى یەکەمدایە، بەدیاریکراوى نازانرێت ئەمریکا کەى راستەوخۆ دێتە ناو جەنگەکەوە، بەڵام دێت. ئیسرائیل بەشێک لە وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێرانى کردووەتە ئامانج، بەڵام هەمووى نا. بەشى ئەوەى هێشتووەتەوە وەک بیانوو بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ. ئامانجى شەڕەکە روونە، نازاندرێت کەى و چۆن بەدى دێت، بەڵام بە یەقینەوە ئامانجى ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا نەهێشتنى بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکانى تاران نییە، هەروەک ئامانجیان تەنیا لەنێوبردنى توانا مووشەکى و درۆنەکانى نین، بەڵکو دەیانەوێت بە بەردەوامیدان بە شەڕ، هەلومەرجى گۆڕینى دەسەڵات بڕەخسێنن، وەک ئەوەى لە سووریا کردیان. بە ئەگەرى زۆرەوە ناهێڵن دواى ئەوەش دەوڵەتێکى گەورە لەسەر نەخشەى ئێران بونیاتبنرێتەوە.