ڕوانگە - ئەنجومەنی شورای هەرێم بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی گشتاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تويژینەوەی زانستی ژمارە (17392)  لە 5/ 9/ 2024 كە تیایدا بڕیاریدا بوو بە قەدەغەكردنی وانەوتنەوەی مامۆستايانی میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانكۆ و پەیمانگە تايبەتەكان.

ئەنجومەنی شورای هەرێم لە ناوەرۆکی بڕیارەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات: کە میلاکی زانکۆ حکومیەکان دوای تەواو کردنی نیسابی دەرس وتنەوە لە زانکۆ حکومیەکان دەتوانن لە زانکۆ و پەیمانگا  تایبەتەکان (ئەهلییەکان) دەرس بڵێنەوە بە رەزامەندی سەرۆکی زانکۆ و کۆلێژن و بەش".

گشتاندنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر نوسراو و داواکاری دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەرچوو بوو  وە دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رووکردنەوەیەکی ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم  کە مامۆستایانی زانکۆ حکومیەکان  مافیان هەیە لە زانکۆ   و پەیمانگا تایبەتیەکان دەرسبڵێنەوە چونکە بەپێی یاسا مامۆستای زانکۆ ناتوانێت هیچ پیشەیەکی تر هەبێت جگە لە دەرس وتنەوە.

ئەم بڕیارەی  ئەنجومەنی شورای هەرێم لە بەرژەوەندی مامۆستایانی میلاکی خوێندنی باڵا کۆتایی هات و لە زەرمەندی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بریارەکانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە نایاسایی دادەنرێت.