ڕوانگە - لە دوای گەیشتنی بۆ مۆسکۆ، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند،هەڵوێستەکانیان دەربارەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ڕووسیا یەک دەخەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕونیکردەوە:" ئێران و ڕووسیا هەڵوێستەکانیان لە بارەی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک دەخەن.
هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە “هەر جارێک ئەمریکاییەکان تاوانیان دژ بە ئێران کردبێت، وەڵامی یەکلاکەرەوەیان وەرگرتووە و ئەمجارەش دووبارە دەبێتەوە”.
دوێنێ یەکشەممە، ڕووسیا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان لە ئێران کرد کە بە نابەرپرسانە وەسفی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “بڕیاری نابەرپرسانەی ئەمریکا بە هێرشی مووشەکی و بۆمبا بۆ سەر خاکی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بەهەر بیانوێک، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.