ڕوانگە - لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هاوکاریەکانی عێراق و سعودییەوە  ڕایگەیاند:" سوپاسی حکوومەت و گەلانی عێراق و سعوودیە دەکەین کە زۆرێک لە حاجییانی ئێرانیان بە سەلامەتی گەڕاندەوە وڵاتەکەیان.'

وتیشی: لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی ناوچەکە پەیوەندییەکی باشمان هەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی پەیوەندیی باشی دراوسێیەتییە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە هەماهەنگی ئەمریكا كراوە و ئەمریكا هاوبەشی سەرجەم تاوانەكانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕونیشیکردەوە:" ئەمریكا خاكی ئێرانی كردووە بە مەیدانی فڕینی فڕۆكە و هێرشەكان و بۆردومانەكانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان نایاسایی و تاوانكارییە و ناپاكی كردووە بەرانبەر بە دیپلۆماسیەت، بۆیە ئێران وەڵامی ئەو هێرشانەی ئەمریكا دەداتەوە.

ئیسماعیل بەقائی ئەوەیشی خستەڕوو:" ئێران هاووڵاتیانی مەدەنی ناكاتە ئامانج و بنكە و شوێنە سەربازییەكان بۆردوومان دەكات.'

بەقائی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانێکەدا ئاشکرایشیکرد:" ئێمە وەکو خەڵکی ئێران، توڕەین. ئەوان هەموو دڵیان دەلەرزێ کاتێک گوێیان لە ناوی ئێران دەبێت. ئێرانییەکان بە مێژووی خۆیان دووپاتییان کردووەتەوە، سەرباری پابەندبوونیان بە ئاشتی و بنەماکان، سڵ ناکەنەوە لە بەرگریی لە نیشتمان و شکۆیان، بە سوود وەرگرتنیش لە وانەکانی مێژوو، جارێکی دیکە ئیسرائیل تێک دەشکێنن و ڕێگە نادەن بە ئامانجەکانی بگات.'