ڕوانگە - لەبارەی کۆتایی هاتنی جەنگ و کاریگەری و دەرئەنجامەکانی ئەم جەنگە لەسەر جیهان و ناوچەکە بەتایبەتی پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند:" دوای کۆتای هاتنی ئەم جەنگە دەبێت هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە بچنەوە ئەو سنورانەی خۆیان، خواستی ئیمپراتۆرییەتگەریی و پاوانخوازیی ناوچەیی؛ تەواوبوو، هەروەها هاوکێشەی هێزیش گۆڕا.'

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند:" قۆناغێکی تری جەنگی جیهانیی سێیەم؛ تەواو بوو، بەتەواوبوونی ئەو سنورانەی لە پەیماننامەی لۆزانی ١٩٢٣دا؛ دیارکراون، وەک خۆیان دەمێننەوە، دەبێت هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە بچنەوە ئەو سنورانەی خۆیان.'

وتیشی:" خواستی ئیمپراتۆرییەتگەریی و پاوانخوازیی ناوچەیی؛ تەواوبوو، هاوکێشەی هێز گۆڕا، نەخشەی دارایی و ئابوریی ناوچەکە دەگۆڕێت، پارەو زێڕوزیوو گەوهەرو وەبەرهێنانە زەبەلاحەکان، کە لەدوای ١١ی سێبتێمبەری ٢٠٠١ەوە، هاتنە کەنداو، دەچنەوە بۆ ئەمریکا".

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد:"ئەمریکا هێزو تەکنۆلۆژیای سەربازیی خۆی؛ وەک جەنگی جیهانیی دووەم؛ پیشانی دنیا دایەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەوایەتیی دۆلارو نرخی دراوو کاغەزی یەکەمی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان؛ دیاریبکاتەوە، سەنتەرگیریی هەژمون و بڕیاری نێودەوڵەتیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆو یەکێتیی ئەوروپایش سەندەوە، ئیتر ئیسرائیلیش بەبێ ئەمریکا بڕیار نادات.'

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ڕونیشیکردەوە:" ڕێڕەوو هێڵێکی نوێی بازرگانیی و گواستنەوەی وزە لە کەنداوەوە ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دەکرێتەوە، پێداویستیی و غازو سوتەمەنییەکانی تری پێدا دەگەیەنرێتە جیهان و بە تایبەتیی ئەوروپا، ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەفەرمیی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەستپێدەکات، ڕێڕەوی گەشتیوانیی نێودەوڵەتیی ئاسمانیی و دەریایی و وشکانیی دەگۆڕێت، بەکورتیی دوای ئەم جەنگە؛ نەخشەی دارایی و ئابوریی و بازرگانیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.'