ڕوانگە - دوای ڕۆژێک لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەشاری ورمێ، سێ هاوڵاتی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، لە سێدارەدران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران ئاشکرایکرد:" هەریەکە لە ئیدریس عالی، ئازاد شوجاعی و رەسوڵ ئەحمەد رەسوڵ، بەتۆمەتى سیخوڕی بۆ قەوارەی زایۆنی دادگایی کران و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باکووری رۆژئاوای شاری ورمێ سزاى لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە".
جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممەى رابردوو کەسێکی دیکە لە ئێران بە تۆمەتی هاوکاریکردنى دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد"، لەسێدارەدرا.
بەگوێرەى ئامارەکانی میدیای ئێران، لە سەرەتاى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاوەکو ئێستا ٧٠٠ کەس بەتۆمەتى سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیرکراون.