ڕوانگە - بەپێی ڕێکارەکانی وانەکانی سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە تەواوی هەرێمی کوردستان کە ( سیستمێکی یەکگرتووی نوێیە ) وەزارەتی ناوخۆ پەسەندی کردووە بە فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان /بەشی مۆڵەت کارا کرا.

سامان عەلی وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"بەیانی دوێنێ ٢٠٢٥/٧/٧ بە ئامادەبوونی بەڕێز بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتی شۆفێری  تاقیکردنەوەکانی تیۆری بۆ مۆڵەتی شۆفێری لە هۆڵی نوێی تاقیکردنەوەی تیۆری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان ئەنجام درا."

وتیشی:"زانیاری تایبەت بۆ فێرخوازان لە کاتی تاقیکردنەوەکان گرنگە لێیان بە ئاگابێت و پێیانەوە پابەند بێت:

١-کۆی پرسیارەکان 25 پرسیارە، مەرجە لە 20 پرسیار دەربچێت، واتە فێرخواز  ئەگەر تەنها 5 وەڵامی هەڵە بێت بە دەرچوو هەژمار دەکرێت.
٢- ماوەی وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک  (یەک خولەکە)لە سەر کۆمپیوتەری بەردەست.
٣-فێرخواز لە ڕۆژێکدا مافی هەیە تەنها یەک جار تاقیکردنەوە ئەنجام بدات.
٤-ئەنجامی (دەرچوون و دەرنەچوونی) فێرخواز ڕاستەوخۆ دوای تەواو کردنی تاقیکردنەوەکەی لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری بەردەستی نیشان دەدرێت، و فێرخواز ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی ئەنجام و دەرچوونی ئەتوانێت پەیوەندی بە نوسینگەکەیەوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە.
٥- فێرخوازان گرنگه پێداویستیەکانی وەکو ( باجی نوسینگە، کارتی نیشتیمانی ڕەسەن )ی پێبێت.
٦- جیاوازی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەر کۆمپیوتەرێک لە هۆڵی تاقیکردنەوەکە پرسیارەکانی جیاوازترە لە کۆمپیوتەری تەنیشتی و پێش و دواوەی جێگەی فێرخوازەکە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە بوار بۆ هیچ جۆرە گزییەک نامێنێتەوە.
۷- گرنگە فێرخواز خۆی بەدوور بگرێت لە هەر جوڵە، قسە، یاخود ئاماژە یان هەرجۆرە کردارێکی نەشیاو لە ناو هۆڵەکە  بەگشتی و بەرامبەر ئەفسەر و کارمەندی ناو هۆڵەکە یان لەگەڵ فێرخوازانی تر، سزا دەدرێت بە پێی ڕێنمایی بە ( ڕاگرتنی ) سەرجەم کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ .